ماڵپه‌ری شایسته‌
سایتيكی بيلایه‌ن بؤ خزمه‌تی هه‌مووان

    خامنەیی: جیهانی ئیسلامی رووبەڕووی ئیسرائیل و ئەمریکا دەبێتەوە

    خامنەیی: جیهانی ئیسلامی رووبەڕووی ئیسرائیل و ئەمریکا دەبێتەوە

    رابەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشە لە ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات و دەڵێت: "ئەگەر ئەمریکا و ئیسرائیل دەست بۆ قودس (ئۆرشەلیم) ببەن و وەکو پایتەختی ئیسرائیل بیناسێنن، گورزی کوشندەتریان لە رابردوو بەردەکەوێت".

    عەلی خامنەیی لە گوتارێکدا هێرشی تووندی کردە سەر ئیسرائیل و ئەمریکا و داوای لە هەردوولا کرد گۆڕانکاری بەسەر پێگەی قودسدا نەهێنن. خامنەیی ئیسرائیل و ئەمریکای بە دووژمنی سەرسەختی وڵاتەکەی وەسفکرد و رایگەیاند، ئەم دوو وڵاتە بەهیچ شێوەیەک ناتوانن ئامانجەکانیان لە دژی موسڵمانان بپێکن.

    بڕیارە رۆژی چوارشەممە 6-12-2017 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی بۆ قودس (ئۆرشەلیم) و ناساندنی قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل بڕیاربدات. ئەو هەنگاوە چاوەڕوانکراوە نیگەرانی زۆرینەی وڵاتانی لێکەوتووەتەوە، بەتایبەت وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی.

    خامنەیی دەڵێت: "بە ئەنجامدانی ئەم کارە، ئەمریکا و ئیسرائیل گورزی کوشەندتریان لە رابردوو بەردەکەوێت. جیهانی ئیسلامی بێگومان رووبەڕوویان دەبێتەوە. دووژمن هەر گیز ناتوانێت ئامانجەکانی سەبارەت بە کێشەی فەڵەستین بەدەستبێنیت. فەڵەستین ئازاددەکرێت."

    لەبارەی هەمان پرس رابەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە توویتەر رایگەیاند: "ئەمڕۆ دووژمنان و لایەنەکانی دیکەش یەکیانگرتووە لە دژی ئوممەی ئیسلامی و رێگەی پێغەمبەری ئیسلام".

    خامنەیی راشیگەیاند: "ئەوان لە بێهێزی و لاوازییەوە قودس وەک پایتەختی زایۆنیزم رادەگەیێنن، بەڵام ناتوانن بەم ئامانجەیان بگەن، فەڵەستین ئازاددەکرێت و گەلی فەڵەستین سەرکەوتوو دەبێت".

    ئیسرائیل لە شەڕی شەش رۆژەی حوزەیرانی 1967 دا رۆژهەڵاتی قودسی کۆنترۆڵکرد، کە لەدەستی ئوردندا بوو. لە دەیەی 1980دا یەکپارچەبوونی ئەو شارەی راگەیاند و پایتەختبوونی ئەو شارەی بۆ دەستووری ئیسرائیل زیادکرد.

    کۆنگرێسی ئەمریکا لە ساڵی 1995 دا بە پەسندکردنی یاسایەک فەرمانی بە گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ قودس دەرکرد، بەڵام لەبەر دەرەنجامەکانی بۆ سەر بەرژەوەندیی ئەمریکا لەوانە کاردانەوەی تووندی هاوپەیمانە عەرەب و ئەوروپییەکانی، ئەو یاسایە تاوەکو ئێستا جێبەجێنەکراوە.

    بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و لە پێنج دەیە سیاسەتی فەرمی حکومەتەکانی ئەمریکاشدا، رۆژهەڵاتی قودس بە بەشێک لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین دەناسرێت و فەڵەستینییەکان رۆژهەڵاتی قودس وەک پایتەختی وڵاتی سەربەخۆی داهاتووی خۆیان دەبینن. 

     👇بۆ ئه‌وه‌ی ئاگاداری نوێترینه‌كان بن له‌گه‌ڵمان بن له‌👇

    ته‌له‌گرام     فه‌یسبوك     یوتوب     تیكتۆك

close