مه‌ولود چاویش ئۆغلۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا جه‌خت ده‌كاته‌وه، وڵاته‌كه‌ی له كرده سه‌ربازییه‌كانیدا ته‌نیا په‌یوه‌ست نابێت به شاری عه‌فرینی رۆژئاوای كوردستانه‌وه، به‌ڵكو له ناو خاكی عێراقیش ده‌ست به ئۆپه‌راسیۆن ده‌كات، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ناوچه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
ئه‌م قسانه‌ی چاویش ئۆغلۆ له‌میانه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا له شاری ئه‌نتالیا هاتوون و گوتی: "بوونی ئێمه له سووریا تا ئه‌و كاته به‌رده‌وام ده‌بێت، كه تیرۆر به‌ته‌واوه‌تی له‌ناو ده‌به‌ین و سه‌رچاوه داراییه‌كانیان وشك ده‌كه‌ین و ئه‌و ناوچانه راده‌ستی خاوه‌نه راسته‌قینه‌كانیان ده‌كه‌ینه‌وه".
چاویش ئۆغلۆ دوپاتیكرده‌وه، "ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی باس له‌وه ده‌كه‌ن، گوایا ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كانی توركیا ته‌نیا له سنووری عه‌فرین به‌ڕێوه ده‌چن، له‌راستیه‌وه دوورن، به‌ڵكو سه‌رچاوه‌ی هه‌ره‌شه‌ی تیرۆر له هه‌رشوێنێك بێت، شنگال، قه‌ندیل و رۆژهه‌ڵاتی فورات له عێراق یاخۆد مونبج له سووریا، هیچ جیاوازییه‌كیان بۆ ئێمه نییه، له هه‌موو ئه‌و شوێنانه ده‌ست به پرۆسه ئه‌ربازییه‌كانمان ده‌كه‌ین و له‌ناویان ده‌به‌ین".
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، هه‌رئه‌مڕۆ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوغان سه‌رۆكی توركیا گوتی: "ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرین ئاماژه‌یه‌كی روون و ئاشكرایه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه نایانه‌وێت د‌رك به هه‌وڵه‌كانی ئه‌نقه‌ره بۆ له‌ناوبردنی تیرۆر بكه‌ن"، ئه‌ردوغان به‌ڵێنیشیدا: "تا سنووری عێراق له كرده سه‌ربازییه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بین، تائه‌و كاته‌ی دڵنیا ده‌بین كه دوایین تیرۆریستمان له‌و ناوچانه له‌ناوبردووه".
ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه، ژماره‌یه‌كی زۆری گوند و دێهاته‌كانی ناوچه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ترسی بۆردومانه‌كانی تۆپخانه و فرۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا چۆڵكراون و، رۆژانه به‌پاساوی بوونی هێزه‌كانی په‌كه‌كه له‌و ناوچانه بۆردومان ده‌كرێن، تا ئێستاش به‌و هۆیه‌وه وێڕای زه‌ره‌ر و زیانی زۆری ماددی، هه‌روه‌ها چه‌ندین هاووڵاتیش بوونه‌ته قوربانی.
له 20ی ئه‌م مانگه‌وه، له‌چوارچێوه‌ی ئۆپه‌راسیۆنێكدا به‌ناوی چڵه زه‌یتوون، سوپای توركیا له ئاسمان و زه‌وییه‌وه ده‌ستی به هێرشكردنه سه‌ر شاری عه‌فرینی رۆژئاوای كوردستان له دژی هێزه‌كانی یه‌په‌گه كردووه، به‌ڵام تائێستا به‌هۆی سه‌ختی تۆپۆگرافیای ناوچه‌كه و به‌رگری سه‌رسه‌ختی هێزه كوردییه‌كان له عه‌فرین، نه‌یانتوانیوه هیچ هه‌نگاوێك به‌ره‌و پێشه‌وه بۆ ناو خاكی رۆژئاوای كوردستان بنێن.
له‌كاتێكدا ئه‌مه‌ریكا هێزه كوردییه‌كانی رۆژئاوای كوردستان به به‌شێك له هاوپه‌یمانی دژی داعش ده‌زانێت، له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌نقه‌ره سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه په‌یه‌ده و یه‌په‌گه باڵی چه‌كداری په‌كه‌كه‌ن له رۆژئاوای كوردستان و، به تیرۆریست ناویان ده‌بات. ئه‌مه‌ش وایكردووه گرژییه‌كانی نێوان ئه‌نقه‌ره و واشنتۆن رۆژ به‌ڕۆژ ئاڵۆزتر بن.
بڵاوی بكه‌نه‌وه