پۆلیسی ئه‌ڵمانیا رایگه‌یاند، گه‌نجێكی ئه‌ڵمانی ته‌قه‌ی له كه‌مپێكی په‌نابه‌ران كردووه له باكووری خۆرهه‌ڵاتی وڵاته‌كه، به‌هۆیه‌وه دوو په‌نابه‌ر برینداربوون.
گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 21 ساڵ له په‌نجه‌ره‌ی شوقه‌كه‌ی خۆیه‌وه له شارۆچكه‌ی لینگن له باكووری خۆرهه‌ڵاتی ئه‌ڵمانیا، له‌رێگه‌ی چه‌كی راوكردنه‌وه ته‌قه‌ی له كه‌مپێكی په‌نابه‌ران كردووه.
پۆلیسی ئه‌و شاره رایگه‌یاندووه "به‌هۆی ته‌قه‌كردنه‌كه‌وه منداڵێكی پێنج ساڵان و گه‌نجێكی سوری ته‌مه‌ن 18 ساڵ برینداربوون و ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه كراون".
ئاماژه به‌وه‌شكراوه دوای ده‌ستگیركردنی گه‌نجه‌كه له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه، پشكنین بۆ ماڵه‌كه‌ی كراوه‌و تائێستا ئاشكرانه‌بووه كه پاڵنه‌ری سیاسی له پشت رووداوه‌كه‌وه هه‌بووبێت، لێكۆڵینه‌وه‌كانیش به‌رده‌وامی هه‌یه.
له‌ساڵی رابردوودا، زیاتر له ملیۆنێك په‌نابه‌ر گه‌یشتوونه‌ته ئه‌ڵمانیاو هاوڵاتیانی ئه‌و وڵاته‌ش به‌هاتنی ئه‌و ژماره زۆره‌ی په‌نابه‌ران خۆشحاڵ نین، به‌وهۆیه‌وه پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری پارته‌كه‌ی ئه‌نگێلا مێركل راوێژكاری ئه‌ڵمانیا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو دابه‌زیووه.