وابڕیارە ئەمڕۆ ١٥ى حوزەیران هەڵمەتى پاککردنەوە لە سەرجەم پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان دەستپێبکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ى هەرێم له گه‌ل یه‌كێتی ئه‌وروپا و چه‌ند ڕێكخراوێكی ناوخۆیی و جیهانی هەڵمەتێک بۆ پاککردنەوەى هەر چوار پارێزگاکەى هەرێم دەستپێدەکەن و وا بڕیارە ئەو کارە بچێتە نەخشەیەکى جیهانییەوە کە ئەو ڕێکخراوانە و یەکێتى ئەوروپا ئامادەیان کردووە.
ئەمەش لە دواى ئەوە دێت هەفتەى ڕابردوو نه‌ورۆز مه‌ولود، وه‌زیری شاره‌وانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە کۆنفرانسێکى هەواڵیدا ڕایگەیاند "یه‌ك له‌سه‌ر پێنجی ئه‌و خۆل و خاشاكەى كه كۆده‌كریته‌وه ریسایکڵینى بۆ دەکرێت و جارێكی دیکە سودیان لێوه‌رده‌گیرێتەوە ".
هەروەها وتى "بۆ بەشداریکردن لە هەڵمەتى پاککردنەوەى شار و سەیرانگا و شوێنە گشتییەکاندا ١٥ هه‌زار کەس وەک خۆبەخش خۆیان ناونوسکردووە".
لەلایەن خۆشیەوە شڤان جاف، نوێنه‌ری ڕێكخراوی خاوێن کە ڕێکخەرى پرۆژەکەیە لە کۆنفرانسێکى هەواڵیدا ڕایگەیاند "ئەم پرۆژەیە دەبوو لە ٥ى مانگدا بوایە کەهاوکاتە لەگەڵ ڕۆژى جیهانى ژینگە، بەڵام بەهۆى هەندێ گرفتى تەکنیکى نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دواخرا بۆ ١٥ى حوزەیران".
هەروەها وتى "ئەم هەڵمەتە بۆ سەرتاسەرى کوردستانە و نزیکەى ٦٠ شارەوانى تیایدا بەشدارن ٢١ شارەوانیان ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕێکخراوەکەى ئێمەدا هەماهەنگى دەکات".
وابڕیارە لە ساڵی ٢٠١٨ گه‌وره‌ترین هه‌ڵمه‌تی پاككردنه‌وه له به‌شیكی زۆری وڵاتانى جیهان به‌ڕێوه‌بچێت، ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ی كه وه‌زاره‌تی شاره‌وانی بەهاوکارى ڕێکخراوەکانى بوارى ژینگە ئەنجامى دەدات خۆئاماده‌كردنه بۆ چونه ناو نەخشەى نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، هه‌ڵمەتەکەش به‌پێی ستانداردەکانى نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان به‌ڕێوه ده‌چێت.