ماڵپه‌ری شایسته‌
سایتيكی بيلایه‌ن بؤ خزمه‌تی هه‌مووان

    ڤیدیۆ.. دایکێکی هەولێری دوای ٣٦ ساڵ بە کوڕەکەی شاد دەبێتەوە

    ڤیدیۆ.. دایکێکی هەولێری دوای ٣٦ ساڵ بە کوڕەکەی شاد دەبێتەوە


    له‌ به‌رنامەیه‌کی ته‌له‌فیزیۆنی ئێران بە ناوی "ماه عەسەل" که‌ ساڵانه و لە ڕەمەزاندا پێشکەشدەکرێت دایك و كوڕێكی خەڵكی شاری هەولێر دوای ٣٦ ساڵ بە یەکتر شادبوونەوە.

    له ئەڵقەی سێیەمی بەرنامەی ماه عەسەل کە شەوی هەینی لە کەناڵی ٣ ئێران بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەخشکرا، ئێحسان عەلیخانی پێشکەشکاری بەرنامەکە بانگهێشتی ژن‌ و مێردێكی كرد و ڕوویکردە بینەران و وتی: "ئەم چیرۆكە، چیرۆكی گەیشتنی دایكێکی کورده به کوڕەکەی پاش دابڕانیان لەیەکتر بۆ ماوەی ٣٦ ساڵ.


    دواتر " ئەدیبە" دایکێکی کورد کە بە زمانێکی فارسی زۆر باش قسەی دەکرد و لە تەنیشتیەوە پیاوێکی کورد بە جلوبەرگ و کڵاشی کوردیەوە دانیشتبوو؛  چیرۆکی خۆی بەمشێوەیە گێڕایەوە: "بەهۆی بارودۆخی عیراقەوە وەکو هەزاران کەسی تر لە کوردستانی عیراقەوە ڕومان لە ئێران کرد و لە مازیندەران گیرساینەوە، پاشان قسمەت وابوو کە  لە  تەمەنی ١٤ ساڵ لەگەڵ کوڕێکی فارسی مازیندەرانی هاوسەرگیریم کرد و خوا کوڕێکی پێداین ناومان نا ئومێد".

    ئەدیبە بەردەوام بوو لە قسەکانی و وتی: "هاوسەرگیریەکەمان دوای لە دایکبوونی ئومێدی کوڕم ئەوەندی نەخایاند و کێشە کەوتە نێوانمان، کاتێک ئومێد ٢ یان ٣ ساڵ بوو بە تەواوی کێشەکانمان گەیشتە کۆتایی و لە هاوسەرەکەم جیابوومەوە دواتر بنەماڵەی مێردەکەم ئومێدی کوڕمیان لێ جیاکردمەوە و لەو کاتەوە تائێستا نەیانهێشتووە بیبینم".

    بە وتەی دایکەکە ، دوای دوو ساڵ بە سەر جیابوونەوەیدا هەر لە بەر کوڕەکەی لە مازندەران ماوەتەوە و بەردەوام هەوڵی داوە کوڕەکەی ببینێت، بەڵام بنەماڵەی مێردەکەی ڕێگەیان نەداوە ئومێدی کوڕی ببینێت تا دوا جار پێیانڕاگەیاندووە ئومێد لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا گیانی لە دەستداوە بۆیە دایکەکە بە تەواوی بێئومێد دەبێت و بەمەبەستی گەڕانەوەی بۆ کوردستانی عیراق دەچێتە ماڵی ناسیاوێکی کوردیان کە لە شاری کرمان بوون تا لە ڕێگەی ئەوانەوە بگەڕێتەوە بۆ کوردستان.

    ئەدیبە لە درێژەی بەرنامەکەدا  وتی: کە هاتمە کرمان بەمەبەستی ئەوەی لە ڕێگەی ئەوانەوە بگەڕێمەوە بۆ هەولێر، بەڵام لەوێ لەگەڵ بنەماڵەی خێزانی ئێستام کە ئەوانیش کوردی هەولێربوون و بە ئاوارەیی لە کرمان گیرسابوونەوە ئاشنابووم و لەگەڵ کوڕەکەیان هاوسەرگیریم کرد، هەر چەندە سەرەتا مێردەكەی ئێستام ئاگاداری هاوسەرگیری یەکەمی من نەبوو، بەڵام کاتێک بەمەی زانی ووتی بە هەر شێوەیەک بێت دەبێت هەواڵی ئومێد بزانین و ئەو کوڕەت بۆ بدۆزمەوە، بەڵام هەوڵەکانی مێردە تازەکەشی سەر ناگرێت و ئەوان ناتوانن ئومێد ببینن، چونکە پێیانوتراوە ئومێد لە ڕووداوی هاتوچۆ گیانی لە دەستداوە.

    دوای سێ ساڵ بە سەر هاوسەرگیری دووەمیدا، دایکە کوردەکە لەگەڵ هاوسه‌ره‌کەی  ساڵی ۱۹۹۷ دەگەڕێنەوە عیراق و هەرێمی كوردستان و لە هەولێر نیشتەجێ دەبن و لەو ماوەیەشدا دایکەکەی باوەڕ بە مردنی کوڕەکەی ناکات و چەندینجار لەگەڵ هاوسەری دووەمی سەردانی تاران و مازیندەران دەکات بۆ سۆراغی کوڕەکەی تا لە ڕێگەی دراوسێیەکی کۆنی خۆیانەوە پێیدەوترێت ئومێد نەمردووە و زیندووە.

     بە بیستنی ئەم هەواڵە دایکە کوردەکە جارێکی تر هیواکانی دەگەڕێنەوە و بەردەوام دەبێت لە گەڕان بە دوای کوڕەکەیدا لە هەمانکاتدا ئومێدیش لە هەبوونی دایک ئاگادار دەبێتەوە و ئەویش لە ڕێگەی خۆیەوە بەردەوام هەواڵی دایکی دەپرسێت، بەڵام هەوڵەکانی هیچکامیان ناگاتە ئەنجام و ناتوانن یەکتر بدۆزنەوە بههۆی ئەوەی کەسیان بچووکترین ناونیشانی یەکتریان لا نەبووە.

    بەرنامەکەی کەناڵی ٣ی ئێران بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەردەوام بو و دایکەکە باسی کوڕەکەی دەکرد لەو کاتەدا ئومێد بە چاوەێکی پڕ گریان و قاچی لەرزۆکەوە خۆی کرد بە ستودیۆکەدا و نوشتایەوە و قاچ و دەستی دایکی ماچ کرد.

    ئومێد کە دوای ٣٦ ساڵ دایکی دەبینێت، چەند خولەکێک لە سەر قاچی دایکی دەمێنێتەوە و بە چاوی پڕ گریانەوە خەریکی ماچکردنی دایکی بوو.

    دواتر پێشکەشکاری بەرنامەکە چەندینجار لەبەر کەمی کات داوای لە ئومێد و دایکی کرد گریان و باوەشپێکردن کۆتایی پێ بهێنێت و بۆ بینەران قسە بکات.

     ئومێد وتی: لە پۆلی پێنجی سەرەتایی بووم کە ماڵی باوکم پێیانوتم دایکت کۆچی دوایی کردووە و نەماوە، بەڵام من وێنەیەکی دایکم هەبوو ئێستاش لام ماوە، ئەم وێنەیەم نیشانی هەموو کەس دەدا بۆ ئەوەی بە دایکم بگەم، بەڵام کەسیان ڕاستیان پێ نەوتم و هەموویان دەیانوت دایکت مردووە، تەنانەت لە ڕێگەی ناسیاوێکمانەوە چووم بۆ لای ناسیاوێکی ماڵی دایکم وێنەکەم نیشان دان و وتم من ئومێدم  کوڕی ئەدیبە، دەزانیت دایکم لە کوێیە؟ ئەویش وتی دایکت نییە مردووە.



     👇بۆ ئه‌وه‌ی ئاگاداری نوێترینه‌كان بن له‌گه‌ڵمان بن له‌👇

    ته‌له‌گرام     فه‌یسبوك     یوتوب     تیكتۆك

close