سەرچاوەکانی هەواڵ لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازی ڕوسیاوە بڵاویانکردووەتەوە، وەزیری بەرگری ڕوسیا هۆشداری داوەتە لێپرسراوان تورکیا سەبارەت بە هێرش بۆسەر عەفرین، چونکە شەڕێکی خوێناوی دەبێت و هێزەکانی ئەمریکا موشەکی جۆری "ستینگر"ی دژە ئاسمانی داونەتێ.
ئەوە لە کاتێکدایە دوێنێ سێرگی شۆیگۆ وەزیری بەرگری ڕووسیا لەگەڵ خەلوسی ئاکار سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیا و هاکان فیدان بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری تورکیا "میت" کۆبوونەوەیان کردووە و تەوەرەی سەرەکی گفتوگۆکان تایبەتبووە بە دۆخی سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەى تۆپبارانکردنى تورکیا بۆسەر عەفرین، بەرپرسێکى باڵاى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا بە ڕۆژنامەى نیویۆرک تایمزى ڕاگەیاند، هێرشکردنە سەر عەفرین خزمەت بە ئاسایىشی تورکیا و سەقامگیریى سوریاش ناکات.
ئەو بەرپرسە باڵایەى وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانەکەى ئەمڕۆیدا بۆ نیویۆرک تایمز ئەوەشى خستووەتەڕوو، هەوڵی تۆپبارانکردنی ناوچەی عەفرین لەلایەن تورکیاوە دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی هەرێمی و یارمەتی پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی تورکیا نادات.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ''ئێمە باوەڕمان وایە ئۆپەراسیۆنی سەربازی خزمەت بە سەقامگیری ئیقلیمی ناکات. سوریا و تورکیاش دەبێ ئاگایان لە ئاسایشی سنوورەکانی خۆیان بێت. ئێمە پێمان وایە هەواڵی ئەو هەڕەشە و چالاکییانەی لە ڕاپۆرتە سەرەتاییەکاندا ئاماژەیان پێدەکرێت هیچ خزمەتێک بە بەرەوپێشچوونی دۆزەکە ناکات بەڵکو کۆی دۆزەکان ناسەقامگیر دەکات.''
ئەوەش لە کاتێکدایە تورکیا ماوەى هەفتەیەکە تۆپبارانى عەفرین دەکات و ئەمڕۆش چڕترین تۆپبارانەکانى بەرامبەر بە عەفرین ئەنجامداوە و هێزێکى زۆرى سەربازیى لە دەورووبەرى عەفرین کۆکردوەتەوە. بەرپرسانى ئەو وڵاتەش چەندجارێک ڕایانگەیاندووە، کە هێرش دەکەنە سەر عەفرین و داگیر و خاپووری دەکەن.