ماڵپه‌ری شایسته‌
سایتيكی بيلایه‌ن بؤ خزمه‌تی هه‌مووان

    Billboard Ads

    داعش روو لە چالاكیی پارتیزانی و دیجیتاڵ دەكات

    داعش روو لە چالاكیی پارتیزانی و دیجیتاڵ دەكات

    هەفتەی رابردوو هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) شاری رەققەی پایتەختی دیفاكتۆی داعشی كۆنترۆڵ كردەوە، بەوەش داعش دوایین ناوچەی شارنشینی ژێر دەسەڵاتی خۆی لەدەست دا. 

    لەدەستدانی شارەكان لەلایەكەوە پەیوەندیی داعش و بنكەیەكی جەماوەریی گەورە دەپچڕێنێ و لەلایەكی دیكەشەوە ئاماژەیەكی زەقە بۆ شكستی پڕۆژەی "دەوڵەت" كە هەر لە سەرەتاوە بیانوویەكی باش بوو بۆ ئەوەی داعش چەكداری پێ رابكێشێ.

    داهاتووی داعش پاش رووخانی "دەولە"
    ساڵێك لەمەوبەر سەركردەكانی دەوڵەتی ئیسلامی پلانی هێرشی پارتیزانییان داڕشت. پلانەكە هاوكات بوو لەگەڵ بچووكبوونەوەی ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی داعش، داڕشتن و راگەیاندنی ئەو پلانە دەریدەخات كە داعش زانیبووی درەنگ یان زوو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی لەدەست دەدات، بۆیە دەبێ بیر لە پلانێكی دیكە بكەنەوە.

    ئارۆن زێلین، شرۆڤەكاری بزووتنەوە جیهادییەكان لە پەیمانگای واشنتن، پێیوایە "سەرەڕای لەدەستدانی شارەكان داعش كۆتایی نەهاتووە. داعش پلانێكی هەیە كە بریتییە لەوەی بۆ دوژمنەكانی خۆی لە ناوچەكە لەبۆسەدا بێت، كاتی بەدەستەوە دەبێت بۆ دامەزراندنەوەی تۆڕەكانی خۆی، بۆ ئەوەی لایەنگرانی خۆی هانبدات لە ناوچە دوورەدەستەكان چالاكی بكەن".

    رووخانی دەسەڵاتی داعش هەناسەیەكی ئارامی بە بەری دەزگا هەواڵگرییەكانی وڵاتانی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا نەهێناوە. ئەندرو پاركەر، بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی (MI5)ی بەریتانی، جەخت لەوە دەكاتەوە كە "هەڕەشەی هێرشەكانی داعش فرەڕەهەندە، بە جۆرێك هەم داڕشتنی پلانی هێرشەكان خێراتر بوون و هەمیش قەبارەی هەڕەشەكان بێ وێنەن".

    ژەنەراڵ جۆزێف دانفۆرد، فەرماندەی هێزە هاوبەشەكانی ئەمریكا، رای وایە بچووك بوونەوەی ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی داعش و شكستی پڕۆژەی دەوڵەتی ئیسلامی لەسەر بنەمای سیستەمی دادوەریی و یاسایی شەرعی متمانەی ئەندام و لایەنگرانی داعش بەو گروپە كەم دەكاتەوە. دانفۆرد دەڵێت "شكست و لەدەستدانی ناوچەكان ویست و ئارەزووی شەڕ لە لای ئەندامانی داعش كەم دەكاتەوە".

    كاتێك لە 2011 هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق كشانەوە، "دەوڵەتیی ئیسلامی عێراق (داع)" تەنیا 700 چەكداری هەبوو. بە گوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی (نیۆیۆرك تایمز)ی ئەمریكی ئەو كات ئەمریكا پاداشتی ئاشكراكردنی شوێن یان كوشتنی سەركردەكانی ئەو رێكخراوەی لە پێنج ملیۆنەوە بۆ 100هەزار دۆلار كەمكردەوە، چونكە هەستدەكرا قاعیدەی عێراق چیدی مەترسییەكی جیدی بۆ سەر عێراق و جیهان دروستناكات. سێ ساڵ دواتر سنووری دەسەڵاتی ئەو رێكخراوە لە دەروازەی بەغداوە بۆ كەنارەكانی دەریای نێوەڕاست فراوان بووەوە. 

    بەڵام داعشی ئێستا زۆر لەو قاعیدەیە بەهێزترە كە لە كاتی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە 2011 هەبوون. بە گوێرەی بەرپرسانی سوپای ئەمریكا، ئێستا داعش 6 بۆ 10 هەزار چەكداری لە عێراق و سووریا هەیە، واتە ژمارەیە چەكدارانی ئەو رێكخراوە 8 بۆ 14 بەرامبەری ژمارەی چەكدارانی قاعیدە لە 2011یە. بۆیەش دانیال بایمەن، توێژەر لە پەیمانگای برووكینگز، جەخت لەوە دەكاتەوە كە "هێشتا زووە باس لە كۆتاییهاتنی داعش بكەین".

    بایمەن پێشبینی دەكات داعش لەو ناوچانەی پێشتر لەژێر كۆنتڕۆڵی خۆیدا بوون تۆڕێكی ژێرزەمینی دروستبكات، ئەگەریش لەو كارەدا سەركەوتوو بێت، ئەوە "رێگری دەكات لەوەی حكومەت و هێزە بیانییەكان بتوانن نەزم و ئارامی بۆ ناوچەكان بگەڕێننەوە و تۆڕەكانی داعش بەیەكجاری هەڵوەشێننەوە". 

    لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا داعش تۆڕێكی گەورەی پڕوپاگەندەی ئۆنلاینی دروستكردووە، لەدەستدانی ناوچە جوگرافییەكان كاریگەرییەكی ئەوتۆ لەسەر ئەو تۆڕانە دانانێن. بەشێكی زۆری ئەو هێرشانەی لە سێ ساڵی رابردوودا لە وڵاتانی رۆژئاوا كراون، لە لایەن كەسانێكەوە بوون كە پەیوەندییان لەگەڵ داعش تەنیا بە شێوازی ئۆنلاین بووە و هیچكات سەردانی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعشیان نەكردووە. بەشێكی زۆر لەو كەسانە وەكوو شانەی نوستوو یان "گورگی تەنیا"ی داعشن. 

    ئەگەری گەڕانەوەی داعش
    وەكوو زۆربەی بەرپرسانی ئەمریكیش باس دەكەن، قۆناغە سەختەكە لەدوای دەركردنی داعش لە شارەكان دەستپێدەكات. لەو قۆناغەدا كۆمەڵێك ئەولەویەتی قورس دەكەوێتەسەر شانی هێزە هاوپەیمانەكان و هێزەكانی حكومی یان ناوچەییەكان. یەكێك لەو ئەولەوییەتانە پاراستنی ئاسایشی ناوچە رزگاركراوەكان و پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەیە كە دوای دەركردنی چەكدارانی داعش لە ناوچەكەدا دروستدەبێت. 

    بۆ ئەوەش دەبێت هێزی لۆكاڵیی جێگەی متمانە دروست بكرێت كە لەلایەكەوە توانای پاراستنی ناوچەكانیان هەبێت و لە لایەكی دیكەشەوە دەستیان بە خوێنی خەڵكی ناوچەكە سوور نەبووبێت. داعش لە قۆناغی دوای روخانی "دەوڵە:دا چاوی لەسەر درزە ئەمنییەكانی ئەو ناوچانە دەبێت كە پێشتر لەژێر كۆنتڕۆڵی خۆیدا بوون. ئەزموونی پێش 2013ی عێراق دەیسەلمێنێ یەكێك لەو هۆكارانەی درزی ئەمنی گەورە دەدات بە رێكخراوە جیهادییەكان بریتییە لە ناكۆكی نێوان خەڵكی ناوچەكە و هێزە ئەمنییەكان. 

    ئەولەویەتی دووەم ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانە. ئەو خەڵكەی كە ئێستا بە دەركردنی داعش دڵخۆشن لە داهاتوویەكی نزیكدا دەگەڕێنەوە ناوچە وێرانەكانی خۆیان. درەنگ كەوتنی خزمەتگوزارییەكان دەتوانێ هۆكارێكی دیكە بێت بۆ ئەوەی خەڵكی ناوچەكە جارێكی دیكە لەدژی هێزەكانی ناوچەكانی خۆیان هەڵگەڕێنەوە. ئەمەش رێك ئەو شتەیە كە پێشتر قاعیدە و ئێستا داعش دەتوانێت بیقۆزێتەوە.
     
    ئەولەوییەتی سێیەم ئاشتەوایی نیشتمانییە لە نێوان پێكهاتە ناكۆكەكانی ناوچە رزگاركراوەكان. ناكۆكی نێوان پێكهاتە تایفی و مەزهەبی و هۆزەكان یەكێكە لەو هۆكارانەی داعش دەتوانێت لە یەكەم رۆژەكانی دوای لەدەستدانی ناوچەكان پشتی پێ ببەستێ، بۆ ئەوەی شانەكانی خۆی لە ناوچە رزگاركراوەكان بپارێزێت و لەلایەكی دیكەشەوە كێشە بۆ سەقامگیركردنی رەوشی ئەمنی و دەستپێكردنی پڕۆژەكانی ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكان دروست بكات.

    دانیال بایمەن جەخت دەكاتەوە ئەگەرچی داعش تووشی شكستی سەخت بووە، بەڵام بۆ سەركەوتنێكی درێژخایەن پێویستە ئەو كێشە و قەیرانانە چارەسەر بكرێن كە لە داهاتوودا داعش و گروپە جیهادییەكان دەكرێت بیانقۆزنەوە. رەوشی نێوخۆیی عێراق و سووریاش دەیسەلمێنێ ئەگەر ئەمریكا و هاوپەیمانان پشكی شێر لە هەوڵانە نەگرنە ئەستۆی خۆیان، ئەوە داعش دەتوانێت ئەو كەلێن و كەموكورتییانە بەكاربهێنێ كە بەهۆی شەڕی داعش و كاولكارییەكانەوە لە كۆمەڵگای عێراق و سووریادا دروست بوون و ئێستا بەردەوامن.

    فديوهات

    جميع الحقوق محفوظة لموقع

    سيما فور يو

     👇بۆ ئه‌وه‌ی ئاگاداری نوێترینه‌كان بن له‌گه‌ڵمان بن له‌👇

    ته‌له‌گرام     فه‌یسبوك     یوتوب     تیكتۆك

close