وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه) رایده‌گه‌یه‌نێت كه ئه‌گه‌ر توركیا سوربێت له‌سه‌ر هێرشكردن بۆ سه‌ر عه‌فرین، ئه‌وكات ئێمه بێ وه‌ڵام نابین و به‌ره‌نگاریان ده‌بینه‌وه.
سه‌رحه‌د ڤارتۆ وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه) له لێدوانێكدا به‌دواڕۆژی راگه‌یاند "ماوه‌یه‌كه توركیا پیلان و پلان داده‌نێت دژی ڕۆژئاوای كوردستان، ئێستاش كار بۆ ئه‌وه ده‌كات هێرشی سه‌ربازی بكاته‌سه‌ر عه‌فرین، به‌ڵام ئێمه دڵنیایی ده‌ده‌ینه گه‌لی رۆژئاوای كوردستان كه شكست به هه‌موو پیلان و پلانێكی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ده‌هێنین".
وتیشی "دژی هه‌ر هێرشێكی توركیاین كه بیكاته سه‌ر رۆژئاوای كوردستان، ئه‌گه‌ر توركیاش به كرده‌وه هێرش بكاته‌سه‌ر كانتۆنی عه‌فرین، ئه‌وه به‌ره‌نگارییان ده‌بینه‌وه‌و ناهێڵین عه‌فرین داگیربكرێت".
ڤارتۆ جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه كه توركیا بێته عه‌فرین له‌سه‌رانسه‌ری توركیا شه‌ڕێكی گه‌وره دژیان ده‌ستپێده‌كه‌ین و له‌عه‌فرینیش به‌توندترین شێوه وه‌ڵامیان ده‌ده‌ینه‌وه‌و ده‌یانخه‌ینه زه‌لكاوه‌وه.
له‌چه‌ند ڕۆژی رابردوودا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا رایگه‌یاند كه سوپای توركیا ده‌چێته ناو عه‌فرین، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئێستا توركیا سه‌رقاڵی ئه‌وه‌یه روسیا‌و چه‌ند وڵاتێكی تر رازی بكات، بۆ ئه‌وه‌ی كانتۆنی عه‌فرین له‌ژێر ده‌ستی هێزه كوردییه‌كان بهێننه ده‌ره‌وه، ئه‌مه‌ش به بیانووی ئه‌وه‌ی بوونی ئه‌و هێزه كوردیانه مه‌ترسیه بۆ سه‌ر سنوره‌كانی توركیا‌و ئاسایشی نیشتیمانی ئه‌و وڵاته.