حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به راگه‌یه‌نراوێكى فه‌رمى ئاماده‌یى بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌نجامى ریفراندۆمهكهى رێكه‌وتى 25 ى 9 ى 2017 ى هه‌رێم ده‌ربڕى.
ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه رێكه‌وتى 14 ى 11 ى 2017، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له راگه‌یه‌نراوێكدا وه‌ڵامى بڕیاره‌كه‌ى دادگاى فیدڕاڵى دایه‌وه و داواى كرد بڕیاره‌كه ببێته بنه‌مایه‌ك بۆ ده‌ستپێكردنى دیالۆگ.
له راگه‌یه‌نراوێكدا، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه "له‌سه‌ر داوای ئه‌مینداری گشتیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی فیدراڵ له ڕۆژی 5 / 11 / 2017، دادگای باڵای فیدراڵی له ڕۆژی 6 / 11 / 2017 بڕیاری ژماره 122ی ده‌ركرد سه‌باره‌ت به ڕاڤه‌كردنی مادده‌ی یه‌كه‌م له ده‌ستووری عێراق كه ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تی: (كۆماری عێراق ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵیی سه‌ربه‌خۆیه، خاوه‌ن سه‌روه‌ریی ته‌واوه كه سیسته‌می حوكمڕانی تیایدا كۆماریی په‌رله‌مانیی دیموكراتییه، ئه‌م ده‌ستووره زامنی یه‌كێتیی عێراقه)".
راشیگه‌یاندووه "وه‌ك چۆن هه‌میشه هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی كردۆته‌وه كه پابه‌ندی گرتنه‌به‌ری ڕێگه‌ی ده‌ستووری و یاسایییه بۆ چاره‌سه‌ركردنی ناكۆییه‌كانی نێوان ده‌سه‌ڵاته فیدراڵییه‌كان و هه‌رێم، له ڕوانگه‌ی هه‌ڵوێستی ڕوونمانه‌وه به پێشوازیكردن له هه‌ر ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك به‌م ئاراسته‌یه، له پێش هه‌مووشیانه‌وه ده‌ستپێشخه‌ریی ئایه‌توڵلا عوزما سه‌ید سیستانی و هه‌ندێك له كه‌سایه‌تییه عێراقییه‌كان و وڵاتانی دۆستی گه‌لی عێراق به گه‌ڕانه‌وه بۆ ده‌ستووری عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌كان، ڕێز له‌و ڕاڤهكردنهی دادگای باڵای فیدراڵی بۆ مادده‌ی یه‌كه‌م له ده‌ستوور ده‌گرین".
حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو "بڕوامان وایه كه پێویسته ئه‌مه ببێته بنه‌مایه‌ك بۆ ده‌سپێكردنی دیالۆگێكی نیشتمانیی گشتگیر بۆ چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌كان له ڕێگه‌ی جێبه‌جێكردنی ته‌واوی هه‌موو مادده‌كانی ده‌ستووری عێراقه‌وه به جۆرێك ببێته هۆی زامنكردنی پاراستنی ماف و ده‌سه‌ڵات و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی هاتوو له ده‌ستووردا به‌و پێیه‌ی ئه‌مه تاكه ڕێگه‌یه بۆ زامنكردنی یه‌كێتیی عێراق وه‌ك له مادده‌ی یه‌كه‌می ده‌ستووردا هاتووه".
راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پاش ئه‌وه‌دێت، رێكه‌وتى 6 ى 11 ى 2017 دادگاى فیدڕاڵى عێراق رایگه‌یاندبوو، به پشت به‌ستن به مادده‌ی یه‌ك له ده‌ستوری عێراق، هیچ پێكهاته‌یه‌ك بۆی نیه له عێراق جیاببێته‌وه.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردبوو، دادگاى فیدڕاڵى عێراق له دانیشتنى ئه‌و رۆژه‌یدا خوێندنه‌وه‌ی بۆ مادده‌ی یه‌ك له ده‌ستوری عێراق كرد و دواجار گه‌یشته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه ئه‌و مادده‌یه و چه‌ند مادده‌یه‌كی دیكه‌ی ده‌ستور جه‌خت له یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق ده‌كه‌نه‌وه و سه‌رجه‌م پارێزگاكانی عێراق ناچار ده‌كات پابه‌ندبن به یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراقه‌وه.