میدیاكانی نزیك له پارتی كرێكارانی كوردستان "په‌كه‌كه" رایانگه‌یاندووه، شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان و یەکینەکانی پاراستنی گەل وەڵامی تۆپبارانەکانی سوپای تورکیان بۆ سەر شاری عەفرین داوه‌ته‌وه.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، پاش ئه‌وه‌ی تۆپخانەکانی سوپای تورکیا لە شەوی ڕابردووەوە تۆپبارانی سەر گوندەکانی سەربە (جندرێس، شەرا، شێراوا و ڕاجۆ)ـی کانتۆنی عەفرینیان زیاتركردووە، له به‌رامبه‌ردا شەڕڤانانه‌كانی یه‌په‌گه و یه‌په‌ژه وەڵامی ئەو هێرشانەیان داوه‌ته‌وه.
به‌گوێره‌ی ئه‌و میدیایانه، لەو وەڵامی ئەو تۆپبارانانەدا، شەڕڤانانی یەپەژە و یەپەگە چالاکییان ئەنجامداوه‌و چەند خاڵێکی سه‌ربازی هێزه‌كانی سەربە تورکیایان لە عەزاز کردووه‌ته ئامانج و ژماره‌یه‌ك كه‌س بریندار بوون.
به‌ڵام ئاژانسی ئه‌نادۆڵوی فه‌رمی توركیا ده‌ڵێت "سوپای توركیا، له باكووری سووریا به‌رپه‌رچی هێرش و ده‌ستدرێژییه‌كانی شه‌ڕڤانانی په‌یه‌ده و په‌كه‌كه‌ی داوه‌ته‌وه‌و به "تیرۆریست" ناویبردوون.
ئاژانسه توركییه‌كه نوسیوویه‌تی "به پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی له سه‌رچاوه ئه‌منییه‌كانی ناوچه‌كه‌وه وه‌رگیراوه، هێزه‌كانی سوپای توركیا، به‌یانی ئه‌مڕۆ له رێگه‌ی تۆپخانه‌كانه‌وه به‌رپه‌رچی هێرشه‌كانیان داوه‌ته‌وه و سوپا له‌چوارچێوه‌ی ماف و یاساكانی به‌رگریكردن له خۆی به‌رپه‌رچی ئه‌و هێرشانه‌ی داوه‌ته‌وه.
کاتژمێڕ ١٢:٠٠ی شەوی ڕابردووش، شەڕڤانانی یه‌په‌گه ژمارەیەک ئه‌ندامی هێزه‌كانی سه‌ر به توركیایان کردووه‌ته ئامانج، کە لە دەوروبەری گوندی باسوفانی سەربە شەرا لە هەوڵدا بوون چالاكی دژی شه‌ڕڤانه‌كان ئه‌نجام بده‌ن و به‌و هۆیه‌شه‌وه، ژمارەیەکیان کوژراون.
لەلایەکی دیکەوە لە دەوروبەری جندرێسدا شەڕ لە نێوان شەڕڤانان و چه‌كدارانی سه‌ر به توركیا ڕوویداوە، به‌ڵام ئەنجامەکانی شەڕه‌كه ڕانەگەیەندراوە.